یەکگرتنەوە و چەند ووتەیەک
مێدیا نیوز
بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی کورد بۆمان دەردەکەوێ کە یەکێک لە هۆ هەرە سەرەکییەکانی سەرنەکوتن و نەگەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیمان نەبوونی یەکیەتی و یەکریزی لە نێو چین و توێژەکان و لایەنە سیاسی و بزاڤە نەتەوەییەکان بووە و ئەگەر سەرکەوتنێکیش لە ئارادا بووە ئاکامی لێنزیکبوونەوە و هاوکاری و هاوفکری لایەنە جۆراوجۆرەکانی گۆڕەپانی خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازی بووە.
کە وابوو یەکگرتن و یەکگرتووی بۆ نەتەوەیەک کە بە دژی چوار داگیرکەر خەبات دەکات مەرجی ئەساسی و سەرەکی سەرکەوتنمان بە دژی داگیرکەران و رزگاری خاک و نیشتمان و خەڵکمان لە چەنگ کۆیڵەتی و بندەستییە.
بەڵام بێ گومان یەکگرتن و یەکگرتووی بە مانای یەکدەستی و هێژۆمۆنی دەسەڵات و گۆڕەپانی سیاسەت نییە و نابێ بەم جۆرە چاو لە دەورووبەر بکەین کە تەنیا کاتێک ئێمە بەهێزین کە یەکدەنگ و یەکرەنگ و وەک یەک بین. دیارە روانین بەم شێوەیە لە سیاسەت و خەبات بۆ رزگاری نەتەوەییمان زەبری قورس و قەرەبوو نەکراوی لێداوین و بە بیانووی یەکدەنگی و یەکرەنگی زۆر دەنگی بەحەق بێدەنگ کراون و بە دەستی خۆمان سەرکووت کراون.
لەمەش گرینگتر یەکگرتوویی نابێت تەنیا بەم شێوەیە لێکبدرێتەوە کە دەبێ ئێمە هەموو شتمان وەک یەک بێت و لە نێو یەکتردا بتوێنەوە. مەرجی سەرەکی یەکگرتووی و یەکبوونی ئێمە نەتەوهیی بوونی ئێمەیە و نەک لایەن و رێکخراو. دیارە یەکگرتووی و یەکبوونی حیزبەکان، بێ شک یەکگرتوویی نەتەوەکەمان بەهێزتر دەکات بەڵام ئەگەر ئێمە وەک تاکی کورد هەموو هێزو توانامان تەنیا لە سەر لایەن و رێکخراوەکان دانێن ئەو کات نیمچە دووبەرەکییەک دەتوانی یەکگرتوویی و یەکیەتی نەتەوەیشمان خەشەدار بکات و تێکی بدات.
چەمکی ئەمڕۆی دونیای پێشکەوتوو و پێگەیشتوو پلۆرالیزم و فرەفکرییە کە نەتەوە جیاجیاکانی وڵاتدار توانیویانە لە چوراچێوەی بەرژوەندی و قازانجی نەتەوەیی پەرە بە فکر و هزری جیاواز بدەن و لەم رێگایەش پێش بە سەڕەڕۆیی و تەک جەمسەری دەسەڵات بگرن و دێموکراسی راستەقینە لە نێوخۆیاندا داچەقێنن.
لەم وڵاتانەدا لە پێناو قازانج و بەرژوەندی نەتەوەی دا یاسا و رێسای بەیەکەوە کار کردن و لە گەڵ یەک کار کردن حاکیمە و ئەگەر بە جیا لە یەک لایەن و حیزبدا کار بکەن هێڵەکان روون و ئەگەریش لێک جیاببنەوە کە شتێکی زۆر ئاسایی یاسا و رێساکان هێل دەکێشن و بڕیار دەدەن.
دیارە ئێمە نە خاوەنی وڵاتین و نە دەسەڵات و لە یەک ووشە دا خاوەنی سەروەری سیاسی خۆمان نین. گەلێکی بێ خاوەنی سەروەری خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆی نابێت کە لە چوارچێوەی بەرژوەندی وڵات پەسەند کرابێت و لایەن و کەسەکان هیچ پێوانەیەک نییە کە کاری پێبکەن و هیچ مەرجەعێک نییە کە کاتێ گرفت ساز بوو پەنای بۆ بەرن.
ئەوەی کە تا ئێستا لە نێو هێزەکانی کوردیدا روویداوە لەمە سەرچاوەی گرتووە و هۆیەکانیشی هەر ئەمە بووە. بەڵام لە بابەت هێندێک پارچە وەک رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە تا رادەیەک لە بەشەکانی تر جیاروازتره لانی کەم لە هەلومەرجی ئێستادا.
سەڕەڕای ئەوە کە ئەو شتانەی لەسەرەوە باس کران هەموو نەتەوەی کورد و لایەن و رێکخراوەکان دەگرێتەوە، ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند تایبەتمەندی ترمان هەیە کە لە راستیدا کاریگەریان کردۆتە سەر پرسی یەکگرتووی و یەکبوون. لە سەرەوەی هەموو ئەوانە، دەسەڵاتی حاکم بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان دایە کە یەکێک لە دواکەوتووترین و فێڵبازترین رژێمەکانی سەردەمە کە لە چەند سۆنگەی نەتەوەیی و ئایینی دژایەتی کورد و لایەنەکانت دەکات و گرینگێکی تایبەتیش بە لایەنە سیاسییەکان و هێزە سیاسیەکانی کورد دەدات و بەردەوام لە فکری دارێژتنی بەرنامە و پیڵان دایە بۆ بنبڕکردنی هەستی نەتەوایەتی و یەکگرتووی و بە حەق لەم بارەشەوە زۆر سەرکوتوو بووە.
دووهەم گۆڕەپانی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا زیاتر شکڵ و شێوەیەکی فرەحیزبی بە خۆیەوە گرتووە - ئەگەرچی لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی هێز و توانایان بە نیسبەت ئەوانی تر زیاتر بووە – و ئەوەش زیاتر دەگرێتەوە بۆ کراوەی سیاسی دوای شۆرشی گەلانی ئێران و سەرهەڵدانی زۆر لایەن و رێخراوی سیاسی لە سەرتاسەری ئێران کە کوردستانیشی گرتووە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێمە هەم لە گەڵ رژێمیکی دڕندە بەڕەرووین کە نەتەنیا پاشەکشەی بە لایەنە سیاسیەکانی دژبەری خۆی کردووە بەڵکوو توانیوێتی بە هۆی هەلومەرجی ژئوپۆلۆتیکی مەهاریشیان بکات و لە شوێنێک ناراستەوخۆ لە ژێر رکێفی خۆیان بگرێ و کاریگەری لە سەر شێوەی کار و کردەوەیان هەبێت.
کێشەیەکی تر کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە گەڵی بەڕەوڕوونە و لایەنەکانی تر بزوتنەوەی نەتەوایەتی وەک "پارتی دێموکراتی کوردستان"، لە هەفتاکان" بزوتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین" لە گەڵی دەست و پەنجەیان نەرم کردووە گواستنەوەی شێوەو جێگای خەباتە کە گرفت بۆ رێکخستن و رێبەرایەتی لایەنێک دروست دەکات.
دیارە هێزی کوردی باشووری کوردستانیش تا ئێستاشی لهگهڵ بێ لە گەڵ دیاردەی "شاخ بۆ شار" گرفتیان هەیە و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای شەڕێکی خوێناوی و ١٥ ساڵە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی هەم جێگا و هەم شێوەی خەباتیان ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات و لە جیاتی گوازتنەوەی "شاخ بۆ شار" تووشی "شاخ بۆ کەمپ" بوون کە بێ گومان بەشێکی زۆر لەو گرفتانەی ئەم حیزبانە لە گەڵی بەڕەوڕوون لەم دیاردەیە سەرچاوە دەگرێ. هاوكات لهگهڵ ئهم گرفتانه، كۆسپێك جێگای پر نهكرایهوه (له موردی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا) كه ئهویش له دهستدانی رێبهرایهتی كارامهی ئهو حیزبانه ئهوهیش دوكتور قاسملوو و دوای بهدوای ئهوهیش دوكتوور سهعیدی شهرهفكهندی بوو. ئهو بارودۆخه نهخوازراوه و لهپر گواستنهوه و دوركهوتنهوه له كوردستانی ئێران و هاوكات ئهوهی لێرهدا لهسهر گرفتهكان زیادی كرد، ئهمجار ترۆر و كوشتنی كادر و پێشمهرگه و لایهنگرانی حیزبهكان بوو كه زیاتر هانی شپرزهكردنی حیزبهكانی كوردستانی ئێرانی دهدا.
بە هەڵسەنگاندنی ئەوە کە ئێمە وەک نەتەوەیهك یەکگرتوو نەبووینە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی دابەش بوونی خاک و زێدمان بە سەر چەند وڵاتدا و هەروەها لەبەر بێ دەسەڵاتی و بێ وڵاتی یاسا و رێسایەکمان نەبووە کە کاری پێبکەین و پەیڕەوی لێبکەین و بگرە لە گەڵ دۆخێک و دوژمنێک بەڕەوڕووین کە تا زیاتر لە باڵێک دابین، زیاتر گورزمان وێ دەکەوێت، یەکگرتوویی و یەکریزی دەتوانی یارمەتی بۆ سەرکەوتنمان بدات بەڵام بە سرنجدان بە ئەزموونی یەکبوونەوەکانی تر و رووداوە تاڵەکانی تر کە لە مێژووی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی به تایبەتی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا رویان داوە باشتر ئێمە لە جیاتی "یەکبوون" داوای هاوکاری و هاوفکری و تەنانەت بگرەداوای "بەرە"ش بکەین کە قازانجی زیاتر دەبێت.
ئەگەر چاو لە مێژووی ٣٠ ساڵەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم حیزبە چەندین رووداوی جیابوونەوەی تێدا رووداوە کە یەکەمیان لە ساڵی ١٩٨٠ دا بوو کە لە هەلومەرجی ئەو دەم دا خەسارێک و زەبرێکی قورس لە پەیکەری ئەم حیزبە و بزوتنەوەی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو. بەڵام ئەگەر چاو لە خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە دوای جیابوونەوەکە بکەین هەروەها بۆشمان دەردەکەوێ کە حیزب یەکریزی و یەکگرتووی زیاتری بەخۆیەوە بینی. جیابوونەوەی ١٩٨٧ یش بۆ حیزبی دێموکرات قورس بوو بەڵام حیزبی لەم ئیفلیجییە سیاسیە رزگار کرد و دەستی رێبەرایەتی حزیبی بۆ پێشبردنی کارەکان زیاتر ئاوەڵە کرد، به داخهوه ئهو رهوته باشه دوای تێكهڵبوونهوه گهرایهوه بۆ سهر خاڵی سهرهتایی خۆی، واته كهم بوونهوهی كارایی و به فیرۆدانی وزهكان بۆ كرداری ناسهرهكی.
سودفە نییە کە دوای تێکەڵبوونەوە و یەکبوونەوەی ئوفتی کارەکان هاتۆتە خوارێ و حیزبی دێموکرات لە حیزبێکی بەهێزی ناوچەیی کرا بە حیزبێک کە لایەنەکان کەمتر حیسابی بۆ بکەن و بە پێچەوانەوه و بە شاهیدی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەک حیزبی دێموکرات دوای جیابوونەوەی ٢٠٠٦ جارێکی تر هێز و توانایی خۆی گرتووە و لە جیاتی خۆخواردن و یەکتر شکاندن خەریکی خەبات و تێکۆشان و دۆزینەوەی رێگا و شێوەی تر بۆ خەبات بە دژی رژێمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی بوون.
دیارە پێویست ناکات ئاماژە بە سەرکەوتنەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو - بە بەراوەرد لە گەڵ ساڵانی پێشتری - بکرێت بەڵام ئەوە بۆمان سەلمێندراوە کە باسی یەکگرتنەوە کاتێک بۆتە باس کە لایەنی کە هۆکاری ئەساسی جیابوونەوە بووە لە سیاسەت و بەرنامەی دا فەشەڵی هێناوە و تووشی قەیرانی نێوخۆیی بووە و یەکگرتنەوە و یەکبوونەوە لەم حاڵەتەدا قەت نە دەبێت و نە دەتوانێ بە قازانجی بەرژوەندی نەتەوە و حیزب بێت.
بەڵام ئەوشمان لە بیر نەچێت کە هۆکارێکی تری سەرکەوتنەکان و چالاکی زیاتر دوای جیابوونەوەکان بوونی کێبەرکی و رەقەبەرایەتییە کە هەر کام لە لایەنەکانی هان داوە زیاتر بوونی خۆی بسەپێنێ و حەقانییەتی خۆی بسەلمێنێ. دیارە لە هەر کام لە جیابوونەوەکان لایەنی جیابووە لە نێوی حیزبی دایک کەڵکی وەرگرتووە و خۆی بە درێژەدەری ئەم رێگا زانیوە و لایەنی بەرامبەری ئەگەر قەبوولیش کردبێت لە بەڕ بێ دەرەتانی و بی دەسەڵاتی بووە.
ئەمرۆ جێگای خۆشحاڵییە کە بانگەشە بۆ یەکبوونەوە و یەکریزی لە هەموو مینبەرەکان دەوترێتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا جێگای داخە کە کەسانێک داوای یەکبوونەوە و یەکگرتنەوە دەکەن و تەپڵی بۆ هەڵدەگرن کە رۆژێک بۆ ئاژاوەنان و بۆ جیابوونەوەش هەمان کاریان دەکرد. لێرەدا پێویست ناکات نێوی کەس بهێندرێ، لە سایە سەری تکنۆڵۆژی ئەمڕۆ دەنگ و رەنگی زۆربەی ئەمانە و قەڵەمەکانیان لە سەر لاپەڕە ئینترنەتییەکان و حافیزەی کامپیتۆرەکاندا زیندوو ماوە و دەمێنێت.
لە کۆتاییدا بەو لێکدانەوانەیه، بەیەکەوە کار کردن بۆ قازانج و بەرژوەندی نەتەوەیی باشترین و گونجاوترین رێگا دهزانین کە دەبێ هەموو دڵسۆزانی نەتەوەکەمان بیگرنە پێش و چی تر بە تێکەڵبوونەوەی ناساڵم و دووبارە جیابوونەوە خەڵکی پر لە ئاسۆ و هومێدی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتگێڕانی ئەم رێگایە دڵسارد نەکەنوە.
بەڵام گرینگ ئەوەیە کە لایەنی دایک واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دلێکی فراوانتر و بە هەستی پڕ لە بەرپرسایەتێکی مێژوویی لە فکری لێکنزیکبوونەوە لە گەڵ لایەنی جیابووە واتە حیزبی دێموکراتی کوردستان دابێت و بێ گومان هەنگاوی یەکەمی ئەم حیزبە بۆ قسە کردن لە سەر هەڵوێستەکانی ئەم حیزبە و ئاماژەی رەسمی بەم لایەنە شتێکی ئەرینی دهبێ. هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانیش دەبێ بەو قەناعەتە گەیشتبێت کە کارکردن بەم شێوەیە و پێداگرتن لە سەر نێو كه پێیان وانهبێ تاكه شوناسیانه (به بروای ئێمه شوناس له بوون و كرداردایه و ئهمهش پێناسهی سهرهكی و زانستیانهی شوناسه)، نە قازانجی بۆ حیزبەکەیان هەبووە و نە هیچ خێری بۆ نەتەوەکەمان لەم بەشهی کوردستان داوەتەوە. هەنگاوەکانی ئەم حیزبە بۆ گۆڕینی ئاڕم و لابردنی نێوی "ئێران" ئەگەرچی جێگای رێز و سرنجن بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕانە زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی کراون تا بۆ خۆ هەڵاواردن لە لایەنی دایک. ئەگەر پرسیان لێدەکەی دەڵی ئێوە بۆ نێوتان ناگۆڕن دەڵێن ئێمە هەم ئارم و هەم نیومان گۆڕیوە. ئەگەر کەسی تر پرسیار بکات بۆچی ئێوە پاشەکشەتان کردووە دەڵێن ئێمە هەمان حیزبین تەنیا گۆڕینی ئارم زیاتر وەک نوێبوونەوەیە و لابردنی "ئێران" نێشانەی کوردستانیتر بوونمانە. ئەمە لەمپەری ئەساسی سەر رێگای لێنزیکبوونەوە و بەیەکهوە کاردن بووە کە بەداخەوە ئەو کەسانەی بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم حیزبە بە پەرۆشن کەمتر باسی لێدەکەن و بۆ رزگار بوون لەم کێشە تەنیا پێیان وایە تێکەڵبوونەوە و یەکبوونەوە کۆتایی بە دووبەرەکییەکان دێنێ کە زیاتر شتێکی ئیدیاڵییه تا ریئاڵی.
لێرەدا پێوستە ئاماژە بە کەمووکۆڕییەکانی "کەمپەینی یەکبوونەوە" بکرێ کە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە هاویشتنی هەنگاو لە لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکات داوا دەکات مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ لایەنی بەرامبەری بکەوێتە گفتگۆوە. دیارە لەوانەیە ئەمە زیاتر بگەرێتەوە بۆ ئەم حیسابە تایبەتیەی کە بۆ حیزبی دایک دەیکەن، بەڵام لەوانەشە وەک خەتابار زاننینی لایەنی دایک چاوی لێبکرێ کە حازر نییە لایەنی بەرامبەر وەک حیزبێک قەبووڵ بکات.
دیارە هێزەکانی تر و حیزبەکانی تر ئەگەر پێیان خۆش با و ئێستاش پێیان خۆش بێ دەیانتوانی و دهتوانن کاریگەریان لە سەر نەهێشتنی ئاڵۆزی هەبێ، بەڵام مخابن زۆربەی ئەم لایەنانە لاواز بوونی حیزبیان لە بەهێزبوونی خۆیان دا دەبینی و وردە وردە ئەم کرمە کەوتە نێو ئەوانیش و دوولەت هیچ چەند لەتیشی کردن کە کەم و زۆر ئەگەر پرسی یەکگرتنەوە لای ئەوانیش هەر هەیە بەڵام ئاسۆی روون نییە.
لە کۆتایدا ئەگەر ئەم فرەحیزبییە نوییەی کە بەدوای جیابوونەوەکاندا هاتۆتە ئاراوە بە باشی بقۆزرێتەوە دەتوانی بە قازانجی ئێستا و داهاتووی کورد لە رۆژەهەڵاتی کوردستان بێت بە مەرجێک هەموو لایەنەکان بکەونە گفتگۆ لە سەر پرسی پێناسە، ئارم نیو و هتد... و لە سەر شتێک ساغ بنەوە کە بە قازانجی هەموو لایەک و لە سەرەوەی هەموان بە قازانجی گەلە بەشخوراوەکەمان تەواو بێت.
بە هیوای ئەو رۆژە!
ڕێژه ی دیتن : 351