
بۆ بەرێوەبردن، رێبەری و ئیدارە کردنی ههر رێکخراو، حیزب یان وڵاتێک زەرورەت وا ئیجاب دەکات که بەتواناترین کەس لە بواری جیاوازهوه به رێگای هەڵبژاردن، کودێتا یان شێوازێکی دیکه دەبێتە سەرۆکی حکومەت یا رێبەری ولات، فراکسیۆن یا گروهێک و بۆ ماوەیەکی کاتی یا دیاری نەکراو دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ.
لە میژووی گەلی کوردو شۆرشە پیرۆزەکانی دا، بۆ دیفاع لە خەڵک و خاکی نیشتمان و وەدیهێنانی ئازادی، هەمیشە کەسێک وەک سەرۆک و سەرکردە یا سکرتیر، ریبەرایەتی جوڵانەوەکەی کردووە. بەشێکی بەرچاو لهو رێبهرانه نەخشی ئەساسیان هەبوە لە بەرێوە بردن و پێکهێنانی ئاڵوگۆر لە وڵات یان له حیزب و رێکخراوهکه دا. گەلێک دەسکەوتی مەزنیان بۆ نەتەوەکەمان بە دیاری هێناوە کە میللەتی کورد و مێژوەکەی بۆ هەتا هەتایە شانازیان پێوە دەکات و ناو و نابانگ و حورمەت و رێزیان تاجی سەری هەر تاکیکی کوردە. ههر بۆیهش لە بۆنە تایبەتی و نەتەوەییەکان دا یادیان بەرز و پیرۆز رادەگیرێ و بوون به سومبولی خۆشەویستی و پێناسەی میژوییمان و ئامانجە پیرۆزەکانیان ئامانجی هەموومانن.
لە مێژووی شەست و چوار ساڵەی خهباتی حیزبی دێموکرات دا، حیزبی هەزاران شەهیدی رێبەر و رێبوار، رێبەری حیزب نەخش و روڵی بەرچاوی گێراوە لە ئیدارە کردن و رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک لە سەردەمە جیاوازەکانی شۆرشدا. له مەیدانی سیاسەت و دیپلۆماسیش دا ئەرکی قورسی جوڵانەوەی لە سەر شان بووە. هەر بۆیە گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان هەمیشە چاوی هیوا و ئومێدی بڕیوەتە ریبەرانی حیزب و ئەوانی بە سیمای خۆنەویستی و فیداکاری و لە خۆبوردوویی زانیوە و لە سەر بریار و راسپاردەکانی ئەوان لە هیچ فیداکاریەک دریغی نەکردوە.
پێشەوای نەمر قازی محەممەد وەک شەخسیەتێکی نیشتمانپەروەر و بە نفوز توانی جوڵانەوەی کورد لە قالبی عەشیرەتی دەرباز بکات و لە چوارچێوەی حیزبێکی مودێرنی سەردەمدا بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان ریکی بخات و رەنگی سیاسی پێبدات. لە ژێر رێبهریی پێشهوا، له ماوەیەکی کورتدا حیزب توانی ئاپۆرای خەلک لە دەوری بەرنامەکانی کۆبکاتەوە. ئهو وەک ریبەرێکی خاوەن ئیعتیبار و سیاسەتمەداریکی شارەزا، توانی لە وەزعی پێکهاتووی ئەو کات بە قازانجی گەلەکەی کەڵک وەرگرێ و بۆ یەکەم جار لە مێژووی گەلی کورد دا حکومەتێکی کوردی رابگەیەنی. لێرەدا دەردەکەوێ کە نەخشی رێبەری بە توانا لە ئاڵوگۆرەکاندا تا چەند شوێندانەر و چارەنووس سازە. پێشهوا لە هەموو بوارەکاندا بو بە پێشەنگ و پێشەوای گەلێکی بن دەست . وەک قازیەکی عادڵ توانی دادپەروەری لە وڵات دا بچەسپینێ و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەی دابین بکات. هەموو چین و توێژەکانی لە کاری بەرێوەبەری و حکومەت دا بەشدار کرد. کۆماری کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا توانی شوێن لە سەرهەستی خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دابنێ. بارزانی نەمر و بارزانیەکان و ئەفسەرە شەهیدەکان بە هەست کردن بەو زەرورەتە مێژوییەی کە لە ئارا دابوو و ئەو هەلە زێرینەی کە پێشەوا بۆ گەلی کوردی رەخساند بوو، بوونە پشت و پەنای کۆماری کوردستان. له بهرامبهریشدا سهرکۆماری کوردستان نهک وهک میوان سهیری نهکردن بهڵکو بۆ بهڕێوهبردنی وڵات ئهرک و بهرپرسایهتی شیاوی لە پۆستە گرینگەکانی حکومەت دا پێ سپاردن و خەڵکی هاندا کە بە چاوی رێزەوە سەیریان بکەن و ئەرک و فەرمانەکانیان بە جێ بگەیەنن. پێشەوای شەهید بە هەست کردن بە زەرورەتی ئەو کات، برایەتی و هاوپەیمانی نێوان کورد و ئازەری پتەو و بە هیز کرد . ئهو ئەگەر لە رێبەری و عەدالەت و حکومەت کردن دا پێشرەو بوو، بۆ بەخت کردنی گیانیشی لە پێناو گەل و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دا هەر پێشەنگ و سەر قافڵە بوو، شەهیدی چوار چرا بوو بە پێناسەی نەتەوەی کورد کە ئێمە و نەوەکانی داهاتوو ئیفتخاری پێوە دەکەین.
دوای روخانی کۆماری کوردستان و شەهید بوونی پێشەوا و دواتر شەهید بوونی تێکۆشەرانی دێموکرات لە جوڵانەوەی سالەکانی 46-47 دا و سهرهنجام پەرتەوازە بوونی ئەندامانی حیزب، دوکتور قاسملووی شەهید بوو بە دوکتۆری ئێش و ئازارهکان و بە زانایی و لێهاتوویی خۆی توانی حیزب لە پەرش و بلاوی و پەرتەوازەیی نەجات بدات و گیانێکی نوێ بداتەوە بەر جهستهی لاوازی شۆرشی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستاتی ئێران. لە سەر داوا و ئامۆژگاریەکانی قاسملووی مەزن، ئەوجار حیزب بە بەرنامە و دروشمی نوێ و سەردەمیانەوە هاتەوە مەیدانی خەبات و رێگە و رێباز و تاکتیکی نوێی بۆ خەبات دیاری کرد. لە ماوەیەکی کورت دا توانی هەموو ئەندامانی حیزب بە بۆچوونە جیاوازەکانەوە لە یەک ریز دا کۆ بکاتەوە. دۆکتۆر قاسملو هەر لەو کاتەدا کە کە خاوهنی بڕوانامهی دۆکتورا و مامۆستای زانستگا له دەرەوەی وڵات بوو، شۆرشگێرێکی لێهاتوو و لەخۆبوردوش بوو. ئەو بە هاتنەوەی بۆ ناو جەرگەی خەبات، بە هاوکاری هاورێکانی توانی بەرنامە و پێرەوی حیزب دیاری بکات و ساختاری حیزب بگۆرێ و تەشکیلاتی حیزب لە نێوخۆی وڵات فەعال و بە هێز بکاتەوە. لە کاتێکی سەخت و دشوار دا، مەیدانی خەباتی گواستەوە بۆ ناو جەرگەی وڵات و دوبارە گور و تینی دایەوە بەر خەباتی هەقخوازانەی گەلەکەمان و رێکخستن و رێکخراوەکان زیندوو کرانەوە.
شۆرشی ساڵی 57 ی گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی دەرفەتیکی دیکەی بۆ لێوەشاوەیی و بلیمەتیی دوکتۆر قاسملوو هێنایە ئاراوە کە زۆر شارەزایانە کەلکی لێ وەرگرت و لە ماوەیەکی کورت دا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو بە حیزبی سەرجەم خەلکی کوردستان و توانی هەزاران کەس لە قەوارە و رێکخراوی جیا جیادا رێکبخات. کاروانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کوردی بەرەو شارستانیەت و پێشکەوتن رێبەری کرد. لێهاتوویی دوکتۆری شەهید و وتە و وتارە بە نرخەکانی ئەویان کردە جێی متمانهی خەڵک و بوو بە تاکە سواری مەیدانی خەبات و سیاسەت و دیپلۆماسی. وێرای رێکخستن و سازمان دانی خەلک بۆ بەربەرەکانی لە بهرامبهر هێرشی دژمن، بە هۆی زانایی و دووربینی، دژی هەڵگیرسانی شەر بوو و ویستی لە رێگای ئاشتیەوە چارەسەری مەسەلەی کورد لەو بەشەی کوردستان بکات. ئەو دەیزانی کە ئاکامی شەر دەبێتە چی و چەندە درێژە دەکێشی. بەڵام بە داخەوە دوژمنانی ئازادی و نامۆ بە دێموکراسی، فتوای جەنگ و مەرگیان دا و هەوڵی ئاشتیخوازنهی گەلی کورد و رێبەرەکەیان لە پێ خست. لە گەڵ ئەوەی کە رێبەرایەتی حیزب بە هۆی بەر بڵاوی مەیدانی تێکۆشان کۆنترۆلی تەواوی بە سەر وەزعەکەدا نەبوو، رێکخستن و سازمان دانی جەماوەری زۆری خەلکی کورد لەو دۆخە ناسکەدا هیندە کارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام بە مودیریەت و لێهاتویی دوکتوری شەهید، بە رێبەرایەتیەکی مودیر و کارزانی کەمەوە توانی خەڵک سازمان بدات و بیکاتە لهشکریکی بە هێز و لە شکان نەهاتووی کورد کە ئەو لهشکرە دوای قارەمانەتی و بەرخۆدانێکی زۆر تا ئێستاش لە خەبات و تیکۆشان هەر بەردەوامە. لە ماوەی چەند ساڵ بەربەرەکانی لە گەڵ دوژمن دا، توانی مێژویەکی پر لە سەروەری و فیداکاری بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد تۆمار بکات. ئهو لە مەیدانی دیپلۆماسی نەک هەر دەنگی گەلی کوردی به ناوەند و راگەیەنە گشتیەکانی دنیا گهیاند، بەڵکو گەلی کوردی وەک گەلێکی ئاشتی خواز و زوڵم لێکراو بە دنیا ناساند و بوو بە سەفیری کورد لە لە هەموو جیهاندا. لە بواری فەلسەفەو تێئوریشەوە یەکەم کەسی حیزب بوو و بە لێکدانەوە و هەلسەنگاندن ئاڵوگۆری بەر چاوی لە حیزب و بەرنامەی حیزب دا پێک هێنا. بوو بە ئولگوی سۆسیالیزمی دێموکراتیک و لەو مەیدانەشدا بوو بە پێشەنگی زاناو فەیلەسۆفەکانی وڵاتانی سۆسیالیستی. بە فکر و ئەندێشە وفاکتە عیلمیەکانی توانی شوێن لە سەر ئەندامانی حیزب و کەسایەتیە نێوخۆیی و دەرەکیەکان دابنێ و بوو بە رێبەرێکی کاریزمای گەلی کورد .
دوای تێرۆری مامۆستای دێموکراسی، شەهیدی نەمر دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی جێگری سکرتیر، بوێرانە هاتە مەیدان و رێبەریی ئەم حیزبەی بە دەستەوە گرت. بە ئیبتکار و لێهاتوویی توانی کەلێنی نەمانی قاسملوی شەهید پر بکاتەوە و بو بە قیبلەی هیوا و ئومێدی خەلک و پیشمەرگە. ئەو بوو بە دوکتۆری زامی سەخت و بەژانی شههید بوونی قاسملووی مهزن و بە هاوکاری و هاوفکری ریبەرایەتی و پشتیوانی بەدەنە و خەلکی کورد، توانی حیزب و جوڵانهوهی نهتهوایهتیی کورد له رۆژههڵاتی کوردستان لەو کۆستە گەورەیه دەرباز بکات و هیوادارتر بە سەرکەوتن، ئەم حیزبەی بەرەو ئامانج هیدایەت و ریبەری کرد.
دوای لە دەست چوونی شەهید دوکتور قاسملو، لەو کاتەدا کە دژمنایەتی دژمنانی کورد له گهڵ یهکتر بەرەو تەواو بوون دەچوو، رۆژی رەش داوێنی حیزبی دێموکراتی گرتهوه. ئهوه تهنیا رێبهرێکی مودیر و لێهاتووی وهک کاک دوکتۆر سەعید بوو که لە بریارێکی بوێرانەدا بریاری دا بە چەک و کۆڵەپشتیەکانمانەوە رێگای چیاکان و ناوخۆی ولات بگرینە بەر و چاوەڕێ نەبین حکومەتی عێراق راپێچی ئۆردوگاکانمان بکات. لهو کاتهدا رێبەری کردنی حیزب کارێکی ئاسان نەبوو. دوکتور سهعید دەبوو برینی دڵە زامدارەکان سارێژ بکات و حیزب لەو وەزعییەتە رزگار بکات و بە شێوەیەک رەفتار بکات کە هەموو ئەندامانی حیزب بە تایبەتی ریبەرایەتی، باشتر لە جاران بریار و راسپاردەکانی جیبەجێ بکات. ئهو توانی بە چاویک سەیری هەموویان بکات و لە هەموو تواناکان کەلک وەرگرێ و گوێ بۆ هەموو بۆچوونە جیاوازەکان رابگرێ. شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو نەک زەبریکی گورچک بر بوو لە پەیکەری حیزب بەڵکوو گەلی کوردیشی تاساند. لەو کاتەدا رێبەرێکی وەک دوکتۆر سەعید دەیتوانی خەلک لە تازیەباریەوە بۆ درێژەدان بە خەبات هان بدات و دڵ گەرمیان بکات بە سەرکەوتن و نەهێلێ شۆرش بەرەو لاوازی و نسکۆ بچێ. دوکتۆر سەعید بە رێبەریکی مودیر و مودیرێکی قاتع و توند و تۆڵ و ههڵسووڕ و چالاک ناسرا بوو. لە ماوەیەکی کەم دا توانی کۆنترۆلی هەموو حیزب بە دەستەوە بگرێ. ئەو پێشمەرگەیەکی خاکی و نوسەرێکی بە توانا و مامۆستایەکی زانا و سکرتێرێکی بە ئیبتکار بوو. سەداقەت له کار و خهبات دا، خۆشەویستی ئهوی له ناو دلی هەموان دا جێ کردهوه و هەموویان رێزیان گرت و هاوکاریان کرد. هەمو ئەو تایبەتمەندیانە، دوکتۆر سەعیدیان کردە رێبەرێکی نمونە و بۆ هەتا هەتایە ناو و ناوبانگی لە مێژوو و دڵی هەموومان دا دەمینیتەوە. بە داخەوە دڵرەشان و تاریک پەرستانی سەدەکانی نیوەراست نەیانهێشت زۆر لەم پۆستە دا بمێنێتەوە و زیاتر خزمەت بە نیشتمان بکات. دوژمن دەیزانی کە ئەو پیاوێکی شێلگیر و سەرسەختی مەیدانی خەبات و کۆلنەدانە، هەر بۆیە زۆر زوو بۆی کەوتنە پیلان و ناجوامیرانە شەهیدیان کرد.
له سایهی زانایی، لێزانی و لێهاتویی ئەو رێبەرە شەهیدانە حیزب بوو به خۆشهویستی هەموو خەڵکی کورد. ئهوان بەرهەڵستی دوو حکوومەتی دیکتاتۆر و خوێنمژی پاشایهتی و ئیسلامیان کرد، حیزب و کۆماری کوردستانیان دامەزراند، شۆرشێکی گەورەیان وەرێ خست، حیزبیان گەیاندە ئهنترناسیونالی سۆسیالیست، پانتاییهکی بهرینیان بۆ حیزب له ناو دڵی خهڵک دا کردهوه، نەتەوەی کورد و خەباتەکەیان بە دنیا ناساند، بۆ گەل ژیان و لە پێناو گەلدا فیداکاریان کرد و لە پێناو گەلیش دا سەریان نایەوە. دوای مەرگیشیان بیر و بۆچوون و رێنوێنی و ئامۆژگاریە بە نرخەکانیان بوونە چرای رێگەی خەبات و هاندەری خەڵکی کورد بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان.
دوای ئهو کۆست و برینانه، رێبەریی حیزب و جوڵانەوە ئاشتیخوازنەکەی کەوتە سەرشانی هاوڕێ و هاوکارەکانی ئەو شههیدە مەزنانە. ئەو رێبەرایەتیەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە کاتە سەخت و ئەستەمەکانی شۆرش دا هاوسەنگەری دوکتۆرە شەهیدەکانمان بوو. دوای ئەم کارەساتە ئەوان لە خەبات کول نەبوون و نەسرەوتن، بوونە پێشاندەری ڕێی خەباتمان و بە کەلک وەرگرتن لە دەرس و ئەزموونەکانی رابردوو، ئازایانە هاتنە مەیدان و بۆ جارێکی تر بە دوژمنیان سەلماند کە حیزبەکەمان ههروا قارەمانی سهنگهری بهرخودانە دژ به دوژمنانی گهلی کورد و توانای تەحەممولی ئەو برینە سەختانەی هەیە. ئەم رێبەرایەتیە ئەگەرچی لە بەرابەر دژمن دا شێلگیر و بە ورە بوو، بەڵام زۆر بە داخەوە، ههر زوو ناکۆکی کەوتە بەینی و رۆژ لە دوای رۆژ ئەو ناکۆکیانە پەرەیان سەند و دووبهرهکی سەرتاپای حیزبی داگرت. ناکۆکیەکان بوونە میوانی هەموو ماڵ و مقەر و مەحفەلێک و باسێکی گرینگ و سەرەکی کۆبوونەوە و سمینار و کۆنفرانس و کۆنگرەکان بوون. هێدی هێدی دۆستایەتی و خۆشەویستی جێگای خۆیان دا بە ناکۆکی و دوبەرەکی و خەمی گەورەی خستە نێو دلسۆزانی حیزب و کۆمەڵانی خەلکی کوردستان. توانا و ئینرژیی حیزب کە دەبوو سەرفی خەبات دژی دوژمن بکرێ، ئاراستەی یەکتر شکان و روخاندنی ماڵی حیزب و بنکۆڵ کردنی ئەو قەڵا پۆلاینە کرا کە دژمن بە هەزینەیەکی زۆرەوە بۆی نەکرا. ئەگەرچی جار جار ناکۆکیەکان کز و بیدەنگ دەبوون و سەرپۆشیان لە سەر دادەنرا، بەلام مەقەستەکان لە ژێرەوە هەر لە کار دا بوون. دڵسۆزی ئەو بەشەی کە بە پەرۆشەوە دەیروانیە داهاتووی حیزبەکەمان، نەیتوانی بە سەر ناکۆکیەکان دا زال بیت. پەتای یەکتر قبول نەکردن و تۆڵە سەندنەوە هەموو نیەتە باشەکانی لە گەرودا خەفە کردبوو. مەقام پەرەستی، یەکتر بوغزاندن، مەسلەحەتە شەخسی و گروهیەکان، شهڕی رهوانی، خۆمە خۆمە و ناوەند و شومال و جنوب، برستی لە تێکۆشانی حیزب بریبوو. ئەم دەردە کە لە سەری حیزبەوە دەستی پێکردبوو، هەموو هیوا و ئومید و چاوەروانیەکانی بەدەنە و خەڵک کە رووی لە دوو شەخسی تایبەت بوو، بێ ئاکام هێشتهوه. چونکە غروری بێ جێ ریگەی یەکتر قبول کردن و یەکتر تەحەممول کردنی لێ گرتبوون. هێندیک کەس لە پێناو مقام و مەسلەحەتە شەخسیەکانیاندا ئاگری ئەم ناکۆکیەیان خۆشتر دەکرد. رق و کین گەروی خۆشەویستی وەها گوشیبوو کە توانای هەلکێشانی هەناسەیەکی نەمابوو تا بتوانێ هەستێتەوە تا سەرەنجام ماڵی هیوا و ئاواتەکان تێکدرا. لیرەدا نەخش و دادوەری و زەرورەتی ریبەرێکی کاریزما دەردەکەوێ تا مەسەلەکان ریشەیابی بکات و یەکپارچەیی بۆ حیزب بگهڕێنێتهوه.
لە مەیدانی دووبهرهکی و سهرهنجام رماندنی ماڵی حیزب دا کەس قارەمان دەر نەچوو، چونکە زۆرانبازی لە پێناو بەرژەوەندیەکانی گەل دا نەبوو. هەموومان بە ئەندازەی خۆمان لەم کۆستە دا شەریک و تاوانبارین، بەڵام سەرکردەکانمان لەم مەیدانە دا بەشی شێریان بەر دەکەوێ. ئێمه ئهگهرچی توانیمان لە بەرابەر دوژمنێکی درندەی وەک کۆماری ئیسلامی خۆراگرین و لە مەیدانی شەردا نەبەزین و ورە بەر نەدەین، بەلام بە داخەوە توانای تەحەممولی یەکترمان نەبوو و بەڵایەکمان بە سەر حیزبەکەمان هینا کە با به دهواری شڕی نهکردبێ. میژوو ئهو کارهی ئێمه بە هەڵەیەکی گەورە له سهرمان دەنوسێ و ئەگەر نەتوانین قەرەبوی بکەینەوە، گەلەکەمان لێمان نابورێ و ویژدانمان ئارام ناگرێ.
دوای ئەم هەموو نەهامەتیەی کە ئەم سێ سالە بە سەرمان هات، ئیتر ئیستا کاتی ئەوە هاتوە کە برینەکان ساریژ بکەینەوە و ناکۆکیەکان وەلا بنێین و بە روحێکی ترەوە بێینە مەیدان و هیوا و متمانەی گەل بۆ حیزبەکەمان بگێڕینەوە و خولیا و خەونەکانی وەدی بێنین. کاتی ئهوه هاتووه که هەمومان یەکدەنگ دروشمی برایەتی و بە یەکەوە بوون هەڵگرین و تا سەرکەوتن لەو مەیدانە دا نەبەزین و کۆل نەدەین. دەورانی پێشەوای مەزن، دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و زیندوو کردنەوەی هیواکانی گەلی کورد و هەلدانی ئاڵای کوردستان و پێشاندانی توانا و لێهاتووی گەلەکەمان لە حکوومەت کردن و بەرێوەبەریی دا و .... زەرورەتی ئەو سەردەمە بوو. دەورانی شەهید دوکتۆر قاسملو، دارشتنی بەرنامە و پێرەوی ناوخۆ، کۆکردنەوەی ئەندامانی حیزب لە پەرتەوازەیی، زیندوو کردنەوە و رێکخستنەوەی تەشکیلاتی حیزب، گهڕاندنهوهی سهربهخۆیی بڕیاردان بۆ حیزب، راگەیاندن و ئاشکرا کردنی تەشکیلاتی حیزب، رێبەری کردنی شۆڕشێکی خوێناوی و نابەرابەر، کاری دیپلۆماسی و ناساندنی گەلی کورد و شۆرسەکەی و... زەرورەتی ئەو دەورانە بوو. سەردەمی رێبەرایەتی کاک دوکتۆر سەعید، سەردەمی دەرمان کردنی بە ئێش ترین زامی دوای سێدارەکەی پێشەوا، تێرۆری دوکتۆر قاسملوی شەهید بوو. ئهو برینه هێندە بە ژان بوو کە دەریایەک فرمێسکی بۆ رژایە سەر زێدە پیرۆزەکەی. کاک سەعید بوو بە رێبەریکی کارامە و ئەو بیرەی لە مێشکی هەر تاکێکی کورد سڕیەوە کە بە لە دەست دانی رێبەر و سەرکردە ئیتر شۆرش کۆتایی دێت. نەیهێشت دوژمنانی کورد بە ئاواتی چەپەڵیان بگەن و سەرینی خاترجەمی لە نێوچوونی حیزب بخەنە ژێر سەریان. دوای ئەم کۆستە، رۆژی رەش هاته پێش کە شۆرشی گەلی کوردی لە هەموو پارچەکان شڵەژاند. دوکتۆر سەعید لەم کاتە ناسک و حەساسەدا رێگا و رێکاری دیکەی بۆ درێژە دانی شۆرش گرتە بەر و توانی حیزبەکەمان بە سەربەرزیەوە لەو تەنگانەیەش رزگار بکات. ئەگەر مەرگ مەودای دابا، ئێستا شاهیدی زۆر ئاڵوگۆری تر دەبووین و دڵنیام حیزبەکەشمان تووشی ئەم رووداوە تاڵەی ئەمرۆ نەدەبوو.
لەسەردەمی ئێستادا کە حکومەتی ئاخوندەکان پشێوی تێکەوتوە و نارەزایەتی خەلکی ئێران گەیشتۆتە جێگایەک کە هەر رۆژە بە شێوەیەک خەڵک دەرژێتە سەر شەقامەکان و کۆشکی دیکتاتۆریان خستۆتە لەرزە، سەردەمی خۆ رێکخستنەوە و رێکخستن و سازمان دانی خەلکە بۆ درێژەدانی ئیعتراز و نارەزایەتیەکان. سەردەمی قایم کردن و بە هێز کردنی جێگە و پێگەی کوردە لە نێو نەتەوە و رێکخراوکانی سەرتاسەری دا. سەردەمی کۆدەنگی و پشتیوانی کردنە لە شۆرشی نێوخۆی وڵات لە سەرتاسەری دنیادا، بۆ ئەوەی حیزبەکەمان بتوانێ شوێن لە سەر پێشهات و ئاڵوگۆرەکان دابنێ و وەک هەمیشە هێزی سەرەکی شۆرشی کوردستان بمێنێتەوە. ئهوهش پێویستی بە یەکبوون و برایەتی و یەکێتی هەموو رۆڵەکانی دێموکرات هەیە و هەڵگرتنی هەنگاویکی جیددی لەم وەزعەدا و کۆبوونەوەی هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات لە ژێر یەک ئاڵا و یەک دروشم دا زەرورەتی ئێستای خەباتی حەقخوازانەی گەلەکەمانە دژی رێژیمی سەرەرۆ و تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران. رێبەرایەتی حیزب پێویستە بە چەند قۆناغێک وەک راگرتنی تەبلیغ دژ بە یەک، ئاسایی کردنەوەی وەزعی نێوخۆ، رێگهدان به هاتووچۆی بنەماڵە و کادر و پێشمەرگەکان و هەموو ئەندامانی حیزب لە سەرتاسەری دنیا بە تایبەت لە کوردستانی باشوور، دیالۆگ بۆ لێک حاڵی بوون، دیالۆگ بۆ دۆستایەتی، بەشداری کردنی هەر دوولا لە مراسم و جێژن و بۆنە نەتەوەیی و حیزبیەکاندا، هاوپەیمانیەتی و سەرەنجام دوای هەڵسانگاندنی پرسە گرینگەکانی تایبەت بە جوڵانەوەی کوردستان و تاوتوێ کردنی هەموو ناکۆکی و موشکلاتی رابردوو و دیتنەوەی میکانیزمێکی نوێی کار کردن بۆ بە یەکەوە بوون، بە قەناعەتی تەواوەوە یەکگرتنەوەیەکی بە هێز رابگەینن.
میژوو دهڵێ "پێشەوا قازی محەممەد گوڵێک بوو لە سەحرا روا بوو". دوکتۆر عبدالرحمان قاسملو مامۆستای دێموکراسی، پێغەمبەری ئاشتی و پیاوی پێش سەردەمی خۆی بوو. دوکتۆر سادق شەرەفکەندی جێ نشینێکی شایستە بۆ رێبەرێکی شایستە بوو و رزگاریدهری حیزب بوو بۆ دەرباز بوون لە کۆست و رۆژە سەختەکانی شۆرش. با چاوەروانی رۆڵ و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی ریبەرانی ئیستامان بین.
کەریم فەرخە پوور
08.03.2010
---------------------------------------------------
مێدیا نیوز له ناوهرۆكی نوسینهكان بهرپرسیار نییه.
كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان رێگهدانی نوسهر ئازاده.
ڕێژه ی دیتن : 169