وەڵامێک لە ئۆردوگا تۆزاوییەکەی رومادییەوە ،بۆ رێزدار کاک حەکیم حوسێن زادە / مەنسوور عەزیزی10-03-2010
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەن سکرتێرێکی وەک دوکتۆر قاسملوو بوو کە خەڵکانێک لە رێبازی ئەو حیزبە لایاندا و ریزەکانی خۆیان لە حیزب جیاکردەوە! لە ئاکامی مامەڵەی سیاسی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەدا بۆ ئەوەی هەر لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لە لایەن مامۆستاوە هێنرانەوە بۆ نێو حیزبی دێموکرات. لە گەڵ ئەوەی کە دەڵێم، ئەو هاتنەوەیە راستە کە بووە، بەڵام پاش جوودابوونەوەی دووبارە لە حیزبی دێموکرات ـ ئەمجارە بە مامۆستاشەوەـ من پێموایە، رێبەریی حیزبەکەم، پێویستە هەر هاتنەوەیەک بە وردی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و ئاکامەکانی هەڵسەنگێنێ!

سەرەتا سووپاست دەکەم کە تەنانەت گەر لەبەر ئەوەش بووبێ، لە بابەتێکی سەرەپێیدا شتێک لەسەر من بنووسی، بە دوای بیۆگرافی مندا گەڕاوی و شتانێکت بە نیوە هەڵە و نیوە دروست، لەسەر من زانیوە و لە ـ بەناو نووسینێکداـ هەندێک لە سەر من دوواوی.
پێمخۆشە ئەوەشت ئەرز بکەم کە تا ئێستا چەند کەسێک و ئەویش کەسانی نزیک بە بیر و هزری ، جەنابت، لە رێی" ئێمایل "و "فەیس بوک" ەوە ، چەند شتیان بۆ من ناردووە، کە پڕە لە جنێو و قسە و گووتەی ناشیرین و ناباو ـ ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی من لە بابەتێکدا بۆچوونی خۆمم نووسیوەـ کە بە راستی مرۆڤ کاتێ ئەو شتانە دەخوێنێتەوە، بە خۆی دەڵێ: بە راستی کەسانێک کە داوای ئەوە دەکەن ئەو جۆرە کەسانە بێنەوە نێو حیزبی دێموکرات، لەهەڵەدان! بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ، کاتێک هەوڵدەدەی لەد ەروونیان تێبگەی، ئەو بیرەش بە هزری مرۆڤدا دێ کە لەوانەیە پەرۆشبوونیان بۆ هاتنەوە، وایان لێبکا قسەی وا خراپ بکەن و لە ئەگەری بڕیارنەدانی ئەرێنی حیزبی دێموکرات بۆ گەڕانەوەی جیاوەبووەکان، تووشی کێشەیەکی دەروونی و سیاسی گەورە بن!
پێش لەوەی دووان لە گەڵ بەڕێزتانا دەست پێبکەم، پێمخۆشە هەندێک لە زانیارییە هەڵەکانت بۆ راست بکەمەوە کە لەسەر من لە بابەتێکدا نووسیوتن و لە ماڵپەڕی 4رۆژهەڵاتدا بڵاوت کردۆتەوە:
1. راستە کە سەرپێڵی زەهاو بەشێکە لە پارێزگای کرماشان و خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە ئاستی نێوخۆیی کوردستان و لە ئاستی تەواوییەتی ئێرانیشدا و من هەردەم شانازیم پێیەوە کردووە و شانازیشی پێوە دەکەم، بەڵام من خەڵکی ئەو ناوچەیە نیم و خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانیم کە ئەویش شارستانێکە لە شارستانەکانی پارێزگای کرماشان و یەکێکە لەو ناوچانەی کە تێکۆشەرانی زۆری هەبووە و هەیە ،لە نێو پارت و سیاسییە کوردستانییەکان بە گشتی و بە تایبەتی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا.
2. ئاخر وەک سنەییەکان دەڵێن: ئابرا گیان، تۆ خۆت لە نووسینەکەتدا نووسیوتە، مەنسوور بە کۆرپەیی ئاوارەی باشووری کوردستان و دواتر ئاوارەی باشووری عیراق بووە، ئیدی کوا مەنسوورێکی کۆرپە ـ بە قسەی جەنابت ـ دەتوانێ بۆ سەیران و پشوو بێتە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەویش لە کاتێکدا وەک جەنابت دەفەرمووی، سەردەمانی ناوچە و تەقە و شەڕ و خەبات و خوێن بووە؟ کەسەکەم، من منداڵێکی کۆرپە بوومە لە کاتی ئاوارە بوونماندا، ئەوە دروستە! لە ئوردۆگای پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە " رمادی" بوومە، ئەوەش دروستە! بەڵام برای هێژا، من ساڵی 1991ی زایینی کە ئەودەم تەنیا نزیک بە 13ساڵ تەمەنم بوو، لە گەڵ بنەماڵەکەمدا، گەڕاوینەتەوە بۆ کوردستانی ئێران و 5 ساڵ پاش ئەو رێکەوتە لە کاتێکدا کە لە شاری جوانڕۆ دەرسم دەخوێند و خەریکی تەواوکردنی قۆناغی دواناوەندی بووم، پاش تەزاهوراتەکانی شارەکانی پارێزگەی کرماشان لە دژی رێژیمی ئاخوندی، بە قاچاخ خۆم گەیاندە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاش دیتنی دەورەی پێشمەرگایەتی، بە فەرمی بوومە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تا هەنووکەش هەر شانازی ئەندامەتیم لەو حیزبەدا هەیە و بە ئەرکی سەرشانی خۆشمی دەزانم لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانیدا، هەوڵ بدەم!
3. ئەوەی کە رەنگ و بۆی مەنتەقەم دیتبێ یان نە، باسێکی دیکەیە و پێویست ناکات لێرەدا لە گەل جەنابت لەو پێوەندییەدا، یاری کتک و مشک وەرێخەم، بەڵام بۆ ئەوەی جەنابت دڵت ئارام بگرێ، ئەوەندە دەڵێم کە لە بارودۆخی خراپی سەردەمانی پێشمەرگایەتیدا بوومە و هاوڕێی نزیکم شەهید بووە و پێشمەرگەی هاوڕێمم لە گەڵ هاورێیانی پێشمەرگەی دیکەمدا، ناشتووە و تەرمیانم شۆردووە و تەنانەت خۆشم ،بە گەواهی هاورێی دیکەم کە ئێستاش هەر بە خۆشییە هەیە و نزیکیشمە، تا سنووری مەرگ رۆیشتووم لە سەردەمانی پێشمەرگایەتیمدا. کەواتە با ئەوە بڵێم: کاکە گیان لەو پێوەندییەدا، وەک فارسەکان دەڵێ: " یەخچاڵ بە ئیسکیمو مەفرۆشە" !
بەڵام وای دابنێ کە من هەر پێشمەرگەش نەبوومە و لاوێکم کە تازە حیزبی دێموکراتم ناسیوە وبوومەتە ئەندامی ئەو حیزبە! ئایا بۆم نییە لێکدانەوەی خۆم هەبێ لە سەر لایەنە جیاوازەکانی ئەو جیابوونەوانە و مێژووی جیابوونەوەکانی دیکەی نێو حیزب و بۆم نییە کە وەک لاوێکی کورد بە مێژووی گەلەکەمدا بچمەوە و بۆچوونەکانی خۆم لە سەر نسکۆ و سەرکەوتنەکانی دەرببڕم؟ ئایا هەموو خەڵکی کوردستان، دەبێ خوێنیان دابێ، بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر حیزبی دێموکرات بدوێن و رەخنەی لێبگرن؟ ئایا جەنابت کە نووسەری، هێندە تێدەگەی لەو پێوەندییە ئاوەزی، سیاسی و کۆمەڵناسی و کۆمەڵایەتییانەی کە پێویستە تاک، کۆمەڵ و لە ئاکامدا حیزبێکی سیاسی دەبێ بۆ سەرکەوتنە سیاسی ، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ، لێیان تێبگا و لێیان فێر بێ و تێئورییان بۆ دارێژێ و لە ئاکامدا بە ئاراستەی سەرکەوتنەکاندا بیانخاتە چوارچێوەی کردەوەوە؟!
4. نووسیوتە، مەنسوور عەزیزی، وەک دەستە براکەی.... وهتد!
کاک حەکیم، ئەوانەی کە ئاوارەی باشووری رۆژئاوای عێراق بوونە و بە قسەی جەنابت، خەڵکی ئوردوگای رومادییەن، وەک ئێوە کوردن و لە پێناو کوردبوونیشیان، نرخی زۆریان داوە و ئازار نەما بە سەریاندا نەیە و جەفا نەما نەیکێشن و پارتی سیاسی کوردی نییە کە ئەوان تێیدا خەباتیان نەکردبێ و بە دەیان شەهیدیان لە نێو ئەو لایەنە سیاسیانە، بە تایبەتی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەیە.
هەندێ زەحمەتی زیاتر وەبەر خۆت بدە و زانیاری زیاتر لەو پێوەندییەدا کۆبکەرەوە و گەر ئەمجارە لەسەر ئەو خەڵکەی کە بە هۆی کێشەی سیاسی وکوردبوونەوە ئاوارەی ئۆردوگای " رمادی" بوونە، شتی زیاتر بخوێنەوە و ببیسە و ببینە! ئەوان ئەوەندە تێکۆشانیان هەبووە و دیارن لەو پێوەندییەدا، کە پێویست ناکات من بێم و بەرگرییان لێبکەم! بەڵام ئەو گلەییە هەر لە جەنابت دەکەم کە لە دەربڕینی ووشەی " دەستە براکەی" هاتووی تەوهینت بە هەموو ئەو خەڵکە کردووە و هیوادارم داوای لێبوردنیان لێبکەی!
پاش ئەو وردە زانیارییانە و بۆ پینەکردنی مەشکە زانیارییە پتورکاوەکەی جەنابت، پێمخۆشە ئێستا هەندێکت لە گەڵ بدوێم!
هەموومان دەزانین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند جار خەڵکێک لێی جودابوونەتەوە و بە هۆی خۆبەزلزانی و دەسەڵاتخوازییەوە، تەنیا و تەنیا خۆیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان بینیوە و بەس! پێم بڵێ بزانم کە کام لەوانەی کە چەند جارە جودابوونەتەوە، لە ئۆردوگای رومادییەوە هاتوون؟
ئایا کام یەک لەو جودابوونەوانە، بنەمای زانستییان هەبووە و ئایا ئەو هاتنەوەیەی پێشووتر بۆ نێو حیزب، لە سەرکام بنەمای زانستی و لێکدانەوەی دروستی بووە کە چەند ساڵ پاش هاتنەوە، هەمدیسان جیابوونەوەی دیکەی بە دوادا هات ؟!
ئایا لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و حیزبی دێموکراتدا نییە، کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و مێژووی جیابوونەکانی دیکە، ئەمجارە گەر هاتنەوەیەکیش دەبێ ببێ، هەوڵ بدا بە وردی هەموو لایەنەکانی بخاتە ژێر زەڕەبین و بە وردی هەڵیسەنگێنێ، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە و لە قۆناغێکی دیکەدا، ئەو زیانەی جیابوونەوە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ، نەکەوێ؟
ئایا باسکردن لە رابردووی جیابووەنەوەکانی دیکە لە لایەن منەوە و هەڵسەنگاندنم و دەربڕینی بۆچوون و رەخنەکانم، کفرە؟ من نازانم جەنابت ئەندامی جیاوەبووەکانی یان نا؟ بەڵام لە نێوئاخنی بابەتەکەتدا دیارە کە لانیکەم لایەنگری ئەوانی ! هەر بۆیە پێویستە روو لە جەنابت ئەوە بلێم کە، مەگەر ئێوە ناڵێن و نەتانگوتووە: دیالۆگ، قسەکردن، رەخنە گرتن و نوێکاری و ...هتد، دەبێ ببێ بە میتۆدی سیاسی ؟ باشە گەر وایە بۆ هێندە توورەن بە رەخنەگرتنی کەسانێکی وەک من لە پیوەندی لە گەڵ باسێکی ئاوادا؟ وادیارە تەنیا کەسانێک لە لای ئێوە راست دەفەرموون کە بە دڵی ئێوە قسە بکەن!
نە برای ئازیز، من وکەسانی دیکەی وەک من و لاوانی کوردستان، گەر دەبن بە ئەندامی حیزبی دێموکرات، لە بەر ناو و ناوبانگی کەسانێک کە لە رابردوودا خەباتیان کردووە لە حیزبدا، نابنە ئەندام و تەنیا تەنیا چاو لە پرنسیپ و بەرنامە و پێڕەوی ئەو حیزبە دەکەن و هەڵیدەبژێرن!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەن سکرتێرێکی وەک دوکتۆر قاسملوو بوو کە خەڵکانێک لە رێبازی ئەو حیزبە لایاندا و ریزەکانی خۆیان لە حیزب جیاکردەوە! لە ئاکامی مامەڵەی سیاسی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەدا بۆ ئەوەی هەر لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لە لایەن مامۆستاوە هێنرانەوە بۆ نێو حیزبی دێموکرات. لە گەڵ ئەوەی کە دەڵێم، ئەو هاتنەوەیە راستە کە بووە، بەڵام پاش جوودابوونەوەی دووبارە لە حیزبی دێموکرات ـ ئەمجارە بە مامۆستاشەوەـ من پێموایە، رێبەریی حیزبەکەم، پێویستە هەر هاتنەوەیەک بە وردی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و ئاکامەکانی هەڵسەنگێنێ! خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی لێکبداتەوە!
وابێ کە گەر جارێکی دیکە هاتنەوەیەک رێکەوت، لە سەر بنەمای ـ لە دەسەڵاتدا مانەوەـ نەبێ و بنەمایەکی زانستی هەبێ! با خۆمان لەوە گێل نەکەین کە رێبەرانی جیابوونەوەکان ئێستاس هەر ئەوانەن کە لە جیابوونەوەی دیکەدا دەستیان هەبووە! هێشتا ئەو نەسڵەن کە رێبەریی جموجوڵی جیابوونەوە دەکەن! ئایا بۆ نابێ ئەو رەخنە لەوان بگرین کە بۆ جیابوونەتەوە و تەنیا ئەوە بلێین کە قەیدی نییە جیابوونەوەتە، با بێنەوە و داوا لە کاک موستەفا بکرێ کە تکایە بەزەییت پێیاندا بێ و کارێک بکە حیزب وەریانگرێتەوە!
من لەگەڵ ئەوەدا نیم، حیزبەکەم هەر رۆژە و بە سازێک سەما بکا! حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو پاراستنی پرنسیپەکانیدا، قوربانیی زۆری داوە و پێویستیشە ئەو سیاسەتەی خۆی هەروا بپارێزێ! جا جەنابت پێتخۆشە یان پێتناخۆشە، ئەوە کێشەی خۆتە نەک هی من!
لە نێو ئەو بەڕێزانەی کە جیابوونەوە، جودالەوەی کە هەموویان سەردەمانێ هاوباوەڕ و هاوخەباتی من بوونە، هەن کەسانێکیش لە نێویاندا کە هاوڕێی ئازیزم بووە و ئێستاش هەر هاوڕێ و ئازیزی منە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە بنەما و تێگەیشتنە سیاسییەکانمان لەسەر بنەمای هاورێیەتی و ئاشنایەتی دابنێین!
من جارێکی دیکە دەڵێم ؛ لە کاتی ئێستادا، هەر شێوە هاتنەوەیەک بێکەڵکە و پێویستە کاری زیاتری بۆ بکرێ و وا باشترە ئەو هاورێیانە، بە ناوێکی دیکەوە و لە ژێر ناوی حیزبێکی دیکەدا درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و بەم شێوەیە رێگەی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە زیاتر دەبێ و لە ئاکامدا بێگومان رێگەیەکی ئاوەزمەندانەتر دروست دەبێ کە لە داهاتوودا بێنەوە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
مەنسوور عەزیزی
09 ی 03 ی 2010 ی زایینی
---------------------------------------------------
مێدیا نیوز له ناوهرۆكی نوسینهكان بهرپرسیار نییه.
كهڵك وهرگرتن لهو بابهتانه به هێنانی ناوی سهرچاوه یان رێگهدانی نوسهر ئازاده.
ڕێژه ی دیتن : 193